پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە

 پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ بەمەبەستی تاوتوێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران، لەسەر داواکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان و بە ئامادەبونی نوێنەری خۆپیشاندەران پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، بەڵام فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبونەوەکە ناکەن.

ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەشێک لە شارەکانی باشوری عێراق لەناویاندا بەغدای پایتەخت بەڕێوەدەچێت، تا ئێستاش بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە 73 کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربون.

فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بەسەر هەڵپەساردنی ئەندامانیان و بەشداریکردن و بایکۆتکردنی دانیشتنەکدا دابەشبون


بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی داواکاری خۆپیشاندەرانەوە کۆببێتەوەوە، سەبارەت بە کۆبونەوەکە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بەسەر هەڵپەساردنی ئەندامانیان و بەشداریکردن و بایکۆتکردنی دانیشتنەکدا دابەشبون، دوێنێش لەسەر داواکاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هاوپەیمانی سائیرون کە خاوەنی 54 پەرلەمانتارە بەشداریکردنی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا هەڵپەسارد.

وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ناکەین


شیروان میرزا، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێـی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ناکەن، چونکە تائێستا حکومەتی عێراق هیچ بەرنامەیەکی بۆ پەرلەمان نەناردوە، کە وەڵامی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بداتەوە و پەرلەمان قسەی لەسەر بکات.

پێویستە حکومەتی عێراق بۆ خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش باش بێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبون دابینبکات


سەبارەت بەوەش کە دەوترێت باشتروایە لەم کاتەدا کورد پشت لە عادل عەبدولمەهدی نەکات و رێگا بە روخانی حکومەتی عێراق نەدات ئەو پەرلەمانتارە وتی، "راستە حکومەتی عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم باشە، بەڵام پێویستە حکومەتی عێراق بۆ خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش باش بێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و هەلی کار و شوێنی نیشتەجێبون دابین بکات، ئەو کات پاڵپشتی هەرێم دەبێتەهۆی بوونی سەرۆک وەزیرانێکی بەهێز لە بەغدا".

حکومەت بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت و ناڕەزایی دانیشتوانی شارەکانی عێراق گەیشتوەتە ئاستێک حکومەتی ئێستا ناتوانێت بەو ئەرکانە هەڵسێت


هاوکات ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوان لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بەشداری ناکەن، چونکە حکومەت بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانێت بەردەوام بێت و ناڕەزایی دانیشتوانی شارەکانی عێراق گەیشتوەتە ئاستێک حکومەتی ئێستا ناتوانێت بەو ئەرکانە هەڵسێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کورد و سائیرون بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ نەکەن، پەرلەمان نیسابی یاسایی تەواو ناکات و دانیشتنەکە بەڕێوەناچێت.

شەوی رابردوش هاوپەیمانییەتی میحوەری نیشتیمانی سونەکانـ کە خاوەنی 20 پەرلەمانتارن بەشداریکردنی ئەندامانیان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێرقدا هەڵپەسارد.









خەندان-
Top