هاوپەیمانیی فەتح پشتیوانیی خۆی بۆ عەبدولمەهدی راگەیاند
هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، راگەیاند.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق) داوای جێبەجێکردنی داخوازییەکانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان و خۆپیشاندەران بۆ چاکسازی، دەکات
هاوپەیمانییەکە بەڵێنی داوە پاڵپشتیی پرۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی عێراق بکات، بەو مەرجەی تا 10 رۆژی دیکە، پرۆژەکە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
لەبارەی هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی، هاوپەیمانیی فەتح پشتیوانیی خۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەکی عەبدولمەهدی لە گۆڕینی وەزیرەکان و یاساکان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی، راگەیاند.
دوای سێ رۆژ خۆپیشاندان، رۆژی هەینی 4-10-2019 مەرجەعیەتی باڵای شیحەکانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کرد ئاسایشی وڵات بپارێزن و داواشی لە حکوومەت کرد چاکسازی بکات.
لە رۆژی 1-10-2019، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کرد، کە داوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و بێکارییان دەکرد.
باسنیوز