خۆپیشاندانه‌كان له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌رده‌وامن

خۆپیشاندانه‌كان له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌رده‌وامن
دوای فراوان بوونی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و ناسرییە و چەند پارێزگایەکی دیکە و هەڵکوتانە سەر دامەزراوە حکومییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، قەدەغەی هاتووچۆ لە پایتەخت و شارەکانی دیکە رابگەیەنێت و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆ كۆبوه‌وه‌.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکانیش، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 28 كه‌س، هه‌روه‌ها 1042 دیكه‌ش برینداربوونە و به‌ ده‌یان كه‌سیش له‌ ریزی ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربوونە.

لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران، بڕیاریدا لە کاتژمێر(05:00) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەمەوە، قەدەغەی هاتووچۆ لە بەغدا، ناسرییە، عه‌مارە، بابل و نەجەف کاری پێبکرێت، تەنیا لە چەند حاڵەتێکی حکومی نەبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرزیش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوە لە ناوچەی سەوز بیستراوە و گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، هیچ زیانێک بەر دامەزراوەکانیان نەگەیشتووە.

هاوکات، وەزارەتی بەرگری عێراق، هێزەکانی سوپای خستە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە پێناو پاراستنی دامەزراوە حکومییەکان و نێردە دیپلۆماتییەکان.

لە کۆبوونەوەی 3 سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش، جەخت لەسەر بەدەنگەوە چوونی داواکاری خۆپیشاندەران و دەستپێکردنی چاکسازی و یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی و پاراستنی سەروەری یاسا و دامەزراوە حکومییەکان کراوەتەوە.
Top