19 كەس لە خۆپێشاندانەكانی عێراق كوژراون
ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی خۆپێشاندانە سەرتاسەریەكەی عێراقە و كەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزەكانی خۆپێشاندەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنیەكان بەردەوامە، تۆڕی (رووسیا تودەی)ش بڵاوی كردەوە كە بە گوێرەی پێشهاتەكان، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیان دەكرێت.
هەروەها ئێوارەی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) بڵاوی كردەوە كە جوگرافیای خۆپێشاندانەكان بەرفرەوان بووە و تەواوی شارەكانی باشووری عێراقی داگرتووە، زۆربەی داواكانی خۆپێشاندەرانیش بریتیە لە باشكردنی ئاستی ژیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو ئاوی خواردنەوە و وزەی كارەبا، هەروەها داوایەكی سەرەكی تری خۆپێشاندان نەهێشتنی ئەو گەندەڵیە زۆرەیە كە باڵی بەسەر تەواوی سێكتەرەكانی كەرتی گشتی و تایبەتیدا گرتووە.
بە گوێرەی ئاژانسەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزە ئەمنیەكان تەقەی زیاتریان لە خۆپێشاندەران كردووە و توندوتیژتر بوون لە چاو دوو ڕۆژی رابردوو، ئەمەش دوای كۆبوونەوە سێقۆڵیەكەی دوێنێ شەوی نێوان هەرسێ سەركۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دێت.
لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی توندی هێزە ئەمنیەكاندا، خۆپێشاندەرانی ناڕازی بەردەوامن لە گردبوونەوەكان و چەندین ڕێگەی سەرەكی ناو شارەكانیان گرتووە و تایەی زۆر دەسووتێنن.
باسنيوز