شه‌وی رابردوو 11 خۆپیشانده‌ر له‌ عێراق كوژران

شه‌وی رابردوو 11 خۆپیشانده‌ر له‌ عێراق كوژران

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری ئه‌منی له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019 رایانگه‌یاند، له‌ خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێ شه‌وی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، 11 كه‌س كوژراون، كه‌ یه‌كێكیان كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌، به‌و جۆره‌ش ژماره‌ی كوژراوان له‌ 3 رۆژی خۆپیشاندانه‌كان، گه‌یشته‌ 18 كه‌س.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، له‌ میانه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی پۆلیس و خۆپیشانده‌ران، 7 خۆپیشانده‌ر و پۆلیسێك له‌ شاری ناسڕیه‌ و چواری دیكه‌ش له‌ شاری عه‌ماره‌ كوژراون.

ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری شایه‌تحاڵان باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ به‌غدای پایته‌خت راگه‌یه‌ندراوه‌ و هێزێكی زۆریش بڵاوه‌یان پێكراوه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیا خۆپیشاندان له‌ پایته‌خت به‌رده‌وامه‌.

به‌هۆی بێكاریی كوشنده‌، كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان و گه‌نده‌ڵی، هاووڵاتیان له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و له‌ به‌رامبه‌ریشدا حكوومه‌ت له‌ بڵاوه‌پێكردنی هێز به‌رده‌وامه‌.




K24
Top