کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: تا ئەمڕۆ پێنج شەممە 12 خۆپیشاندەر کوژراون و 650ـی دیکەش بریندار بوون.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دوایین ژمارەی کوژراو، بریندار و دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-10-2019، کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، تا ئەمڕۆ 12 خۆپیشاندەر کوژراون و 650ـی دیکەش بریندار بوون.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، 122 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و دوای ماوەیەک، زۆربەیان ئازادکراون.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، حەوت خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە ناسرییە کوژراون و چوارش لە عیمارە، کوژراون، کەسێکیش لە بەغدا کوژراوە.
لە رۆژە 1-10-2019ـەوە، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستی پێ کردووە و ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2-10-2019ش، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی وڵاتەکەی، قەدەغەی هاتوچۆی لە بەغدا لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا کاتێکی نادیار، راگەیاند.
باسنیوز