سەرۆکایەتییەکانی عێراق 12 خاڵ بۆ چارەسەری رەوشی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن
سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکی کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و 12 خاڵیان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی وڵاتەکەیان، دیاری کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-10-2019، سەرۆکایەتیی کۆماری حێراق بەیاننامەیەکی دەرکردووە و تێیدا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر رێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراتیەت و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژی ئەوانەی گێرەشێوێنی دەکەن، کراوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2-10-2019، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار و سەرۆک کوتلە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی دۆخی وڵاتەکەیان و هەڵسەنگاندنی خۆپیشاندانەکان، کۆبوونەوە.
لە رۆژە 1-10-2019ـەوە، بەهۆی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکە، بارودۆخی عێراق تێک چووە و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قەدەغەی هاتوچۆی لە بەغدا لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا کاتێکی نادیار، راگەیاندووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق 12 خاڵیان بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی وڵاتەکەیان دیاری کردووە، کە بریتین لە؛
- پێویستیی بوونی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان حکوومەت و بنوێنەرانی خۆپیشاندەران.
- پاڵپشتیکردنی حکوومەت و پەرلەمن بۆ چاکسازیی ئابووریی و حکوومی.
- بەپەلە دەرچوواندنی یاسای ئاوەدانی و بیمەی کۆمەڵایەتی.
- هەماهەنگیی زیاتری نێوان پەرلەمان، حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
- هەوڵدان بۆ دابینکردنی هەلی کار و نەهێشتنی بێکاری.
- دابینکردنی هەل بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی حکوومەت لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، واژۆی کردووە.
- هەوڵدان بۆ دابینکردنی خانووی شایستە بە رەچاوکردنی داهاتی خەڵک.
- کۆبوونەوەو گفتوگۆی نیشتیمانیی لایەنە سیاسییەکان.
- کارکردن بە بنەمای هاووڵاتی سامانی وڵاتە و پاراستنی کەرامەت و مافەکانی.
- دروستکردنی کوتلەیەکی پەرلەمانیی پاڵپشت بۆ چاکسازی.
- وەرگرتنی رای رۆشنبیران و تویژەرانی عێراقی.
- رێزگرتن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانەی خەڵک.
|باسنيوز