تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات سەردانی عێراق نەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ”رێنموونی“ی هاووڵاتییانیوڵاتەکەی دەکات خۆیان لە گەشتکردن بۆ بەغدا و ئەو شارانەی دیکەی عێراق بپارێزن، کە خۆپیشاندان و توندوتیژییان تێدا رووداوە.
وەزارەتەکە ئامۆژگاریی ئەو هاووڵاتییانەی تورکیاشی کردووە، کە ئێستا لە عێراق دەژین، ئاگاداری خۆیان بن و لە ناوچە قەرەباڵغەکان دوور بکەونەوە.
هەر لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا چەند ژمارەیەکی تەلەفۆنی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییانی کردووە لەکاتی پێویست، پەیوەندیی بە بەرپرسانی وڵاتەکەیانەوە بکەن.
لە رۆژە 1-10-2019ـەوە، بەهۆی خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە بەغدا و شارەکانی دیکە، بارودۆخی عێراق تێک چووە و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش قەدەغەی هاتوچۆی لە بەغدا لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا کاتێکی نادیار، راگەیاندووە.
باسنيوز