وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا بانگهێشت ده‌كات

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا بانگهێشت ده‌كات
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، باڵیۆزی ئێرانیان له‌ به‌غدا له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ لێدوانه‌كانی له‌باره‌ی به‌ ئامانجكردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق بانگهێشت كردووه‌.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كان، عه‌بدولكه‌ریم هاشم، بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌غدا رایگه‌یاندووه‌، عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و لێدوانه‌ی مه‌سجدی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌كانی راردوودا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ ئامانجكردنی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق كردبوو.

هاشم به‌ باڵیۆزی ئێرانی گوتووه‌: "ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر داواكاری حكوومه‌تی عێراق و به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوانیان له‌ وڵاته‌كه‌مانن، ئه‌ركی ئه‌و هێزانه‌ مه‌شقدان و راوێژكاریی سه‌ربازییه‌ به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان".

هه‌روه‌ك بریكاری وه‌زارتی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ باڵیۆزی ئێران دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، "عێراق هه‌رگیز رێگه‌ نادات خاكی وڵاته‌كه‌ی ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ نێوده‌وڵتییه‌كان، یانیش ببێت به‌ رێڕه‌و و ده‌روازه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و دۆستی عێراق، چ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ یاخۆد جیهانی".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا عه‌بدولكه‌ریم هاشم ناڕه‌زایی عێراقی به‌ ئیره‌ج مه‌سجدی راگه‌یاندووه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ی به‌ر له‌ دوو رۆژ له‌ شاری مه‌شهه‌دی ئێران كرایه‌ سه‌ر دوو كارمه‌ندی كونسۆڵخانه‌ی عێراق له‌و شاره‌.

هاوكات داواشی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منیی ئێران كرد، به‌دواداچوونی ورد بۆ ئه‌و رووداوه‌ بكه‌ن و رێككاری ته‌واو بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر هاووڵاتییه‌ عێراقییه‌كان له‌ ئێران بگیرێته‌به‌ر.

به‌ر له‌ دوو رۆژ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران دوو كارمه‌ندی كونسۆڵخانه‌ی عێراقیان له‌ شاری مه‌شهه‌د ده‌ستگیركرد و دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بۆ ماوه‌یه‌ك زیندانیكران.

ئه‌م رووداوه‌ش ناڕه‌زایه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی به‌دوای خۆیدا هێنا و محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ بڕیارێك كاره‌كانی كونسۆڵخانه‌ی عێراقی له‌ مه‌شهه‌د هه‌ڵپه‌سارد و دووپاتیكرده‌وه‌، تا ئێران داوای لێبوردن له‌ عێراق نه‌كات، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كونسۆڵخانه‌كه‌یان له‌ مه‌شهه‌د ناكه‌نه‌وه‌.
Top