موقتەدا سەدر داوای مانگرتنی گشتی دەكات
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە توویتێكیدا گوتی "پێمانوایە گۆڕینی خۆپیشاندانە میللـیەكان بۆ خۆپیشاندانی دەستەگەری بەرژەوەندی تێدا نییە، ئەگەرنا فەرمانمان بە شۆڕشگێڕانی چاكسازی دەكرد لەگەڵ ئەوان خۆپیشاندان بكەن. بەڵام ئێمە دەمانەوێ پارێزگاری لە خۆپیشاندانی گەل بكەین، داواش دەكەین خۆپیشاندانەكان ئاشتیانە بن. ئەگەر بە مانگرتنی گشتی ئاشتیانەش پشتگیری بكرێن كە هەموو گەل بەشداریی تێدابكات (شتێکی باشە)، هەروەها دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەرانی بێ چەك رەتدەكەینەوە؛ ئەوانەی دژی گەندەڵی و تووندوتیژین".
بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەك، خۆپیشاندان لە بەغدا و ژمارەیەكی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو؛ لە زۆربەی شوێنەکانیش گرژی لە خۆپیشاندانەکاندا دروستبوو و بەهۆیەوە خەڵکی کوژران و برینداربوون.
خۆپیشاندەران لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان توڕەن و داوادەکەن، گەندەڵی بنبڕبکرێت و خزمەتگوزارییەکان دابین بکرێن و دەرفەتی کار بۆ گەنجان هەبێت.
بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئێستای عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی كرد.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لە مافی ئاشتیانەی خۆپیشاندان و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانی خۆپیشانداندەران کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دامودەزگاکانی وڵات بپارێزرێن.
بەرپرسانی باڵای وڵات و کەسایەتییە کاریگەرەکانی دیکەش قسەیان لەبارەی رەوشەکەوە کرد. دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوەکردەوە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی دەستووری هاووڵاتییانە، پێویستە هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە مافەکانی هاووڵاتیان بکەن و ئاسایشی گشتی بپارێزن و دان بەخۆیان دابگرن و رێز لە یاسا بگرن. گەنجان داوای چاکسازی و هەلیکار دەکەن و پێویستە وەڵامی داوا رەواکانیان بدرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراقیش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی، جەختی لەوەکردەوە کە لێکۆڵینەوەی "پیشەیی"یان دەستپێکردووە لەبارەی هۆکاری دروستبوونی ئەو رووداوانە.
عادل عەبدولمەهدی جەختی لەوەکردەوە، هەندێک خەڵک هەڕەشەیان بۆ سەر سیستەمی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دروستکردووە و بەمەبەست بوونەتە هۆکاری کەوتنەوەی قوربانیان لە ریزەکانی خۆپیشاندەرانی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکانیش رووبەڕووی پەلاماردانی بەچەقۆ یان سووتان بەهۆی نارنجۆکی دەستییەوە بوونەتەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش جەختی لەسەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە کردەوە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و هێز بەکارنەهێنن.
نوێنهری تایبهتی سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتووهكانیش بۆ عێراق رایگەیاند: "نیگهرانی خۆمان دهردهبڕین سهبارهت بهو تووندوتیژییهی دژی خۆپیشاندەرەکانی بهغدا و ههندێ پارێزگای دیکەی عیراق ئهنجامدراون و ههر تاكێك بهگوێرهی یاسا مافی ئازادی رادهربڕینی ههیه".
خۆپیشاندان جگە لە بەغدا پارێزگاكانی دیوانیە، بابل، نەجەف، كەربەلا، موسەننا، زیقار، میسان و واسیت و کەرکووکیشی گرتەوە. وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی سێشەممە خۆپیشاندەرێك كوژراوە و 200 دیكەش برینداربوون و میدیای فەرمی عێراقیش دەڵێت، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا 25 کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە. بەڵام کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق دەڵێت تاوەکو ئێستا چوار کەس کوژراون و نزیکەی 300 کەس برینداربوون.