یەکەمین کوژراوی خۆپیشاندانەکەی بەغدا گەنجێکی دەستگیرانداربوو
هەڵکەوت عەزیز چووەتە گەڕەکی سەدر بۆ ماڵی محەممەد ساعدی، ئەو گەنجە 21 ساڵیەی رۆژی سێشەممە 1-10-2019 لە گۆڕەپانی تەحریر کوژرا. محەممەد تازە دەستگیرانداربووە، دایکی و خوشکێکی هەن نەدار و کەمدەستن، لە شەڕی مووسڵیشدا برایەکی 13 ساڵانی کە حەشدی شەعبی بووە لە شەڕدا لەگەڵ داعش کوژراوە.
سەباح عەباس ساعدی، مامی محەممەد، دەڵێت: "ئەو تەنیا چوو داوای مافی خۆی بکات بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی کار بۆ ئەوکاتەی کە ھاوسەرگیری دەکرد، بەڵام شەھیدیان کرد، ژیان و گوزەرانیان زۆر زۆر خراپە ئەو تەنانەت خاوەن پێداویستی تایبەت بو".
عەشیرەتی ساعدی تووڕەن لە حکومەت و دەڵێن بە عەشایەری تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە گەر حکومەت ھیچ نەکات. شێخ ئەبو عەلی ساعدی، مامی محەممەد راگەیاند: "مرۆڤ دەربچێت بۆ خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە و ئاڵای ھەڵگرتبێ، ئاخر بۆ دەبێ بە گوللە لێی بدەیت؟ بۆیە ئێمە بەناوی عەشیرەتی ساعدی وەک ساعدییەکان ئەم بابەتە بە ئاسانی لامان دەرناچێت، ئەمە وەک عەشایەر دەڵێم".
محەممەد دوایین کوژراوی خۆپیشاندانەکە نەبوو، کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکان چوار کەس کوژراون و نزیکەی 300 کەسیش بریندارن.
کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق حکومەت تاوانبار دەکات کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت و پێشێلی دەستوور دەکات، بەجۆرێک بە ئاوی گەرم و گوللە و گازی فرمێسکڕێژ ھێرشدەکاتە سەریان کە بەھۆیە تاوەکو ئێستا لە عێراق سێ خۆپیشاندەر کوژراون و 2010 کەسیش برینداربوونە، زیاتر لە پەنجا خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون و ھێشتا ئازاد نەکراون.
عەلی میزر، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، دەڵێت: "گازی فرمێسکڕێژ لەگەڵ ئاوی گەرم بەکارهاتووە و فیشەک بەڕووی خۆپیشاندەران تەقێنراوە، بەھۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین پابەندی یاسا و رێکارە نێودەوڵەتییەکان بێت و رێزی بگرێت و دەستوور پێشێل نەکات. بۆ پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکان داوا لە پەرلەمانی عێراقی دەکەین دانیشتنێکی بەپەلە رێکبخات بۆ لێپرسینەوە لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان".
ھەرچەندە گۆڕەپانی تەحریریان بە خۆپیشاندەران چۆڵکردووە بەڵام لە گەڕەکەکانی شوعلە، زەعفەرانییە، شەعب و ساحە تەیارانی بەغدا و شارەکانی بەسرە، زەیقار، میسان، واست، نەجەف ، کەربەلا، دیوانییە و کەرکووک، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. خۆپیشاندانەکانیش دوبارە گرژی و ئاڵۆزیان لێکەوتەوە و دەیان کەس بریندار بوون.