بەهۆی "دواخستنی ڤیزاکەی" عەبادی نەیتوانی سەردانی لەندەن بکات

بەهۆی
پەیمانگەی شاهانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ناسراو بە چاتم هاوس، سەرکردە سیاسییە دیارەکانی عێراقی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندنەکان و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بردنە دەرەوەی عێراق لە گرژییەکان لە لەندەن کۆکردەوە، بەڵام بەهۆی "دواخستنی ڤیزاکەیەوە"، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نەیتوانی بەشداری بکات.

چاتم هاوس لەبارەی بەشدارینەکردنی حەیدەر عەبادی لە بۆنەکەدا رایگەیاندووە، بەهۆی کێشەی گەشتکردنەوە، حەیدەر عەبادی، ناتوانێت بەشداری بکات.

چاتم هاوس سەرەڕای داوای لێبووردنی لەو کێشانەی دروستبوونە، رایگەیاندووە: بۆنەکەیان وەکو خۆی بەڕێوەدەچێت و گوتاری حەیدەر عەبادی بە پانێڵی بەرپرسێکی باڵای عێراق جێگەی پڕدەکرێتەوە.

هاوکات، حەیدەر ئەلخۆیی، رۆژنامەڤان و چاودێری سیاسی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی بەشدارینەکردنی حەیدەر عەبادی لە توویتەر نووسیویەتی "حەیدەر عەبادی بەهۆی ئەوەی ڤیزاکەی دواخراوە نەیتوانیوە بەشداری لە بۆنەکەی چاتم هاوس بکات".

ئەو چاودێرە دەشڵێت، حەیدەر عەبادی کە دەیان ساڵە لە بەریتانیا دەژی و بڕوانامەی دکتۆراکەیشی لەوێ بەدەستهێناوە تووشی ئەو گرفتە بووە، جا بۆ کەسێکی ئاسایی عێراقی دەبێت چەندێک رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە.

هاوکات لە بۆنەکەی چاتم هاوس دا هەر یەکە لە زیا نەجم ئەسەدی، نوێنەری سیاسی موقتەدا سەدر، کەریم سنجاری، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و د. لینا خەتیب، سەرۆکی پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای چاتم هاوس بەشدارن.
Top