فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی: سەرۆک وەزیران نووسراوی لەکار لادانەکەی من واژۆ کردووە

فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی: سەرۆک وەزیران نووسراوی لەکار لادانەکەی من واژۆ کردووە


فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی وردەکاریی لەکار لادانی و گواستنەوەیبۆ ناو وەزارەتی بەرگری، ئاشکرا دەکات.

فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق نووسراوی لەکار لادانەکەی واژۆ کردووە.

فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی هەروەها رایگەیاندووە، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە عادل عەبدولمەهدییەوە کردووە و پرسیاری لەبارەی هۆکاری لاداناکەی لێ کردووە و ئەویش پێی گوتووە، ”پێشبینیم دەکرد تۆ لەبارەی هۆکارەکەوە بزانی“.

ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کردووە، کە تاڵب شەغاتی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق نووسراوی لەکار لادانی ئەوی بۆ عەبولمەهدی بەرز کردووەتەوە و ”من هیچ ئاگام لەو نووسراوە نییە و هیچ هۆکارێکیشیان بۆ باس نەکردووم“.

فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی رەتی کردووەتەوە کارەکەی بەجێ بهێڵێت و رایگەیاندووە، ”هەر چەندە من سەربازم و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەم، بەلام ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەکەم، کە کەرامەتم دەپارێزن، ئامادەم بچمە زیندان و هەرگیز ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکەم“.

لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی لە فەرماندەیی دژەتیرۆری عێراقی لادرا و گوازرایەوە ناو وەزارەتی بەرگری.

دوای لەسەر کار لادانی خۆی، شەوی یەکشەممە 29-9-2019، هێزێکی سوپا و میلیشیا عێراقییەکان پەیکەری فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدییان لە مووسڵ تێکشکاند، کە بڕیار بوو لەم مانگە و لە دووەم ساڵیادی رزگارکردنەوەی مووسڵ، کە ئەو فەرماندە عێراقییە رۆڵێکی بەرچاوی لە رزگارکردنەوەکە بینی، پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابدرێت.

چاودێران باسیان لەوە کردبوو، کە حکوومەتی عێراق بە نیازە کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بکاتە فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی.

دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و سەرکردە سوننییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای 2003، عێراق بە تەواوی کەوتووەتە ژێر رکێفی ئێران.









باسنیوز
Top