هەڵوێستی سەرکردە باڵاکانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی بەغدا
سەرکردە باڵاکانی عێراق هەڵویستی خۆیان لەبارەی خۆپیشاندانە خوێناوییەکەی بەغدای پایتەختی عێراق، ئاشکرا دەکەن.
رۆژی سێشەممە1-10-2019، هەزاران هاووڵاتیی عێراقی دژی نەبوونی خزمەتگوزاری، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و بێکاریی گەنجان، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانیان رێک خست.
بەپێی دوایین ئامار، بەهۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادانی بەشێک لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، کەسێک کوژراوە و 200 کەسیش بریندار بوون، کە 40 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەکدا، دڵگرانیی خۆی بە بوونی قوربانی نیشان داوە و رایگەیاندووە، ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتەکەی جێبەجێکردنی داخوازییە رەواکانی خەڵکە و ”ئێستاش لەسەر بەڵێنی خۆمانین“.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری و لێژنەی مافەکانی مرۆڤ کردووە دەست بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکە و داوشی لە خۆپیشندەران و هێزە ئەمنییەکان کردووە دان بەخۆیاندا بگرن.
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق
ساڵح لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، خۆپیشاندانەی ئاشتییانەی مافی هووڵاتییانە و ”رۆڵەکانمان لە هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بە پاراستنی مافەکانی هاووڵاتییان و ئاسایشی گشتیی وڵات“.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر
سەدر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ”دادپەروەرانە“ لەبارەی دروستبوونی گرژی لە خۆپیشاندانەکە بکەن.
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
مالیکی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەوەی رووی دا ”لە بەرژەوەندیی گشتی“ نەبوو و داواشی لە هاووڵاتییان کردووە دان بە ۆیادا بگرن و پەنا بۆ یاسا. و خۆپیشاندانی هێمنانە ببەن.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی
حەکیم لە بەیاننامەیەکد رایگەیاندووە، بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ”قبوڵ ناکەین“ و پێویستە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەبارەی بارودۆخەکە بکرێ. حەکیم داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی پەرلەمان ساز بکەن و تێیدا تاوتوێی رەوشەکە بکەن.
باسنيوز