عەبدولمەهدی داوا لە پەرلەمان دەکات پەلەنەکات لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز

عەبدولمەهدی داوا لە پەرلەمان دەکات پەلەنەکات لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی کۆبووەوە، رەزامەندی لەسەر چەند میکانیزمێک دا و داواشی لە پەرلەمان کرد، پەلەنەکات لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز.

بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی درا لەسەر میکانزمی جێبەجێکردنی بڕگەی 1ـی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ساڵی 2019 لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەڵێندەران. پەسندکردنی هەمواری ماددەی 1ـی پرۆژەی هەمواری یاسای چاودێری کۆمەڵایەتی ساڵی 1980.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەرلەمانی راسپارد بۆ:

کشاندنەوەی پرۆژە یاسای رێکخستنی ناوچەی عەلاوی بۆ فرۆشتنی سەوزەومیوە و ئاژەڵان.

پەلە نەکات لە پەسندکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز، تاوەکو پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی تەواودەبێت و پرۆژە یاسای نەوت و گاز دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی دەوڵەت.

هاوکات هەموارکردنی ناوی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وزەی کارەبای فوراتی سەرو و ناوەڕاست و هەمواری بڕگەی دووەم لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە 267ـی ساڵی 2018 پەسندکران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق راسپاردەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی لەخۆگرتنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و رەخساندنی هەلیکار و رێژەی دەستی کار لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و هەژمارکردنی خزمەت بۆ ئەندازیارانی کەرتی تایبەت.
Top