پەرلەمانتارێک: ھەوڵەکانی شکستھێنان بە حکوومەتی عێراق سەری نەگرت

پەرلەمانتارێک: ھەوڵەکانی شکستھێنان بە حکوومەتی عێراق سەری نەگرت
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ھەندێ لایەنێ سیاسیی عێراق ھەموو ھەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی شکست بە کابینەی ئێستای حکوومەت بێنن. دەشڵێت، تا ئێستا هەوڵەکانیان بێهوودە بووە.

ھندرێن لەزگین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند: "ھەندێ لایەنی سیاسیی عێراق هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بانگی وەزیرەکان بکرێت بۆ پەرلەمان و فشاریان بخرێتە سەر بۆ ئەوەی دەست لە کار بکێشنەوە، یان متمانەیان لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بۆ شکستھێنانی حکوومەتی عێراق سەرکەوتوو نەبووە و سەریان نەگرتووە."

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "فشاری لایەنی سیاسی بووە ھۆکار لە ماوەکانی ڕابردوودا دەست‌لەکارکێشانەوە پێشکەش بە سەرۆکوەزیران بکرێت، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزیری تەندروستی لەخۆی ڕانەبینیوە داواکاریی لایەنەکان جێبەجێ بکات."

ھندرێن لەزگین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە عێراق گەندەڵییەکی گەورە لەسەر ماڵی گشتی ھەیە، بەتایبەتی ئەو کەرتانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزارییەوە، بەڵام حکوومەت بە دەست‌لەکارکێشانەوەی چەند وەزیرێک شکست ناھێنێت و ئەگەریش پەرلەمان متمانە لە وەزیرێک و چەند وەزیرێک وەربگرێتەوە وەزیری دیکە لە شوێنیان دەستبەکار دەبن."
Top