فەرماندەیەکی نزیک لە پاسداران دەکرێتە فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی
سەرچاوە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە فەرماندەیەکی نزیک لە فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەکرێتە فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی.
سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، کە تاکە کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی، حەیدەر یوسف عەبدوڵلایە، کە بە کەسێکی زۆر نزیک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت.
حەیدەر یوسف عەبدوڵڵا، کە بە (ئەبو زەرغام) ناسراوە، پێشتر فەرماندەی لیوای تایبەتی پێنجەم بووە لە میلیشیای بەدر (گەورەترین میلیشیای حەشدی شەعبی).
سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە ناسێندراوە و خراوەتە ناو لیستی تیرۆر.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی لە فەرماندەیی دژەتیرۆری عێراقی لادرا و گوازرایەوە ناو وەزارەتی بەرگری.
دوای لەسەر کار لادانی خۆی، شەوی یەکشەممە 29-9-2019، هێزێکی سوپا و میلیشیا عێراقییەکان پەیکەری فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدییان لە مووسڵ تێکشکاند، کە بڕیار بوو لەم مانگە و لە دووەم ساڵیادی رزگارکردنەوەی مووسڵ، کە ئەو فەرماندە عێراقییە رۆڵێکی بەرچاوی لە رزگارکردنەوەکە بینی، پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابدرێت.
چاودێران باسیان لەوە کردبوو، کە حکوومەتی عێراق بە نیازە کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بکاتە فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و سەرکردە سوننییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای 2003، عێراق بە تەواوی کەوتووەتە ژێر رکێفی ئێران.
باسنيوز