حەشدی شەعبی: عەبدولمەهدی مۆڵەتی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیلی پێداین

 حەشدی شەعبی: عەبدولمەهدی مۆڵەتی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیلی پێداین


سەرکردەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق مۆڵەتی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیلی پێ داون.

ئەبو ئالا ئەلوەلائی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای سەیدولشوهەدا (یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی، ”گڵۆپی سەوزی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل، هەڵکرد“.

رۆژی دووشەممە 30-9-2019، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمی دەوڵەت و سوپای ئیسرائیلی بە هێرشكردنە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر خاكی عێراق، تۆمەتبار كرد.

لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنیوز
Top