عێراق پشت لە چەکی ئەمریکی و روو لە چەکی رووسی دەکات
ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پشت لە چەکی ئەمریکا و روو لە چەکی رووسی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2019، کەریم مەحمەداوی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، ئەمریکا هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا سەپاند.
کەریم مەحمەداوی بە پێویستی دەزانێ وڵاتەکەی لەژێر هەژموونی ئەمریکا بچێتە دەرەوە و بۆ کڕینی چەک، روو لە رووسیای نەیاری ئەمریکا بکات.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشکرای دەکات، کە سەردانی ئەم دواییەی فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ رووسیا بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتن بووە بۆ کڕینی چەک لە رووسیا.
کەریم مەحمەداوی، کە ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵلای عێراقییە، پێی وایە لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، پارەی پێویست بۆ کڕینی چەک لە رووسیا، دیاری دەکرێت.
باسنيوز