دوای لەسەر کار لادانی خۆی پەیکەری فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق تێک دەشکێندرێت
دوای بڕیاری لەسەر کارلادانی، پەیکەری فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی لە مووسڵ تێک دەشکێندرێ.
هونەرمەندانی شاری مووسڵ وەک پێزانینێک بۆ رۆڵی فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق لە رزگارکردنەوەی شارەکەیان، پەیکەرێکیان بۆ دروست کردبوو و لە فلکەی تاهیر زیناوە لە گەڕەکی نور دانرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، شەوی یەکشەممە 29-9-2019، هێزێکی سوپا و میلیشیا عێراقییەکان پەیکەرەکەیان تێک شکاندووە و لە شوێنەکەی ئاڵایەکی عێراقیان بەرز کردووەتەوە.
بڕیار بوو لە مانگی داهاتوو، لە دووەم ساڵیادی رزگارکردنەوەی مووسڵ، کە ئەو فەرماندە عێراقییە رۆڵێکی بەرچاوی لە رزگارکردنەوەکە بینی، پەردە لەسەر پەیکەرەکە لابدرێت.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، فەریق روکن عەبدولوەهاب ساعدی لە فەرماندەیی دژەتیرۆری عێراقی لادرا و گوازرایەوە ناو وەزارەتی بەرگری.
چاودێران باس لەوە دەکەن، کە حکوومەتی عێراق بە نیازە کەسێکی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بکاتە فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، حزبە شیعییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت و سەرکردە سوننییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوای 2003، عێراق بە تەواوی کەوتووەتە ژێر رکێفی ئێران.
دوای زیاتر لە سێ ساڵ داگیرکردنی مووسڵ و نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لە مانگی 10ـی 2017 دوایین ناوچەی مووسڵ لەو رێکخراوە تیرۆریستییە رزگار کرایەوە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز