وەزیری نەوتی عێراق: لە بەرژەوەندی کوردستان و عێراق دەگەینە ئەنجامێکی باش
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق راگەیاند "دڵنیام رێکدەکەوین، بەمتمانەیەکی گەورەوە ئەوە دەڵێم، ئەم مشتومڕە قوڵە کۆتایی پێدەھێنین و دەگەینە کۆتایی بابەتەکە بە سوودی ھەردوولا، بە سوودی گەلی کوردستان و گەلی عێراق بەگشتی، لە مانگی دە کۆتایی بە مشتومڕ و گفتوگۆکان دێن".
ھەرێمی کوردستان دەیەوێت بۆ جێگیرکردنی بەشێکی داخوازییەکانی لە بودجەی 2020 رێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ بەغدا بکات و، ئەو ساڵە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ دروستنەبێت، چونکە بەغدا تاوەکو ئێستا رازینەبووە بەو داواکاریانەی پێشەکەشیانکراوە، لەوانە؛ دانەوەی قەرزەکان و پێدای شایستەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت و یانیش پێدانی تەنیا مووچەی فەرمانبەران بەبێ رادەستکردنی نەوت.
فوئاد حسێن، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت "رێککەوتنێک ھەیە دوو بەشە، بەشێکی بۆ مەودای کورت و بەشێکی بۆ مەودای درێژ، مەودا کورتەکە پەیوەندی بە ئێستاوە ھەیە لە پرسی بودجە، مەودای دووریش چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسی نەوت، ئێمە باسی رێککەوتن دەکەین ھەر رێککەوتن هەبێت ھەموو شتێک باش دەبێت".
ئەمریکا چاودێری گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا دەکات، گەشبینن بەمنزیکانە دەگەنە رێککەوتن بە پشتبەستن بەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوانیان دروستبووە.
ماسیۆ تولر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق راگەیاند "بەدڵناییەوە زۆر گوێمان لە گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەبێت، کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان زۆر زۆر باشن، راستە بابەتەکان ئاسان نین، بەڵام من بڕواموایە نیازپاکی ھەیە لەنێوان ھەردوولا بۆ چارسەر و باشکردنی پەیوەندییەکان".
پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی بانگھێشتی ھەردوو لیژنەی دارایی و نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ھەولێر کرد، تاوەکو بەرچاوڕوونیان ھەبێت و لەکاتی گفتوگۆکردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2020 نەبنە رێگر لەبەردەم جێگیرکردنی داخوازییەکانی ھەرێمی کوردستان.