بەحرێن و عێراق داوایەکی ئێران ڕەت دەکەنەوە

 بەحرێن و عێراق داوایەکی ئێران ڕەت دەکەنەوە
دوو وڵاتی عێراق و بەحرێن داوای سەرۆک کۆماری ئێرانیان بۆ بەشداریکردن لە هاوپیەمانیی "ئاشتیی هورموز، ناسراو بە "هاوپەیمانیی ئومێد"یان، ڕەت کردەوە.



"حەسەن ڕۆحانی"، سەرۆک کۆماری ئێران، بە داڕشتنی پرۆژەیەک بە ناوی "پارستنی ئاشتیی هورمز"، کە بە "هاوپێمانیی ئومێد" ناسراوە، داوای لە وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە هاودەنگ بن.



بەپێی زانیاریی میدیاکان لە بەرانبەردا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عێراق و بەحرێن لە دانیشتنی ٧٤ـەمین خولی دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیۆیۆرک، ڕایان گەیاندووە بۆ بەشداری لە "هاوپەیمانیی ئومێد" ئامادە نین.



"محەممەدعەلی ئەلحەکیم"، وەزیری دەرەوەی عێراق وتوویەتی: "ئێستا تا دەستپێکردنەوەی دووبارەی دانیشتنەکان و پێکهاتنی سەقامگیری لە نێوان لایەنەکاندا پێویستیمان بە کات هەیە و ناتوانین بەشداری لەو هاوپەیمانێتییەدا بکەین".



هاوکات "خالد بن ئەحمەد"، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپووتینگ" وتوویەتی: "لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم پێشنیارە لەگەڵ هاوپەیمانییەکدا کە ئێمە تێیدا بەشدارین تەبا نییە؛ ئەمە هاوپەیمانییەکە لە گەرووی هورمزدا و ئێمە ناتوانین لە دوو هاوپەیمانیدا بەشداریمان هەبێت".



بەحرێن لە یەکەمین وڵاتەکانی دەوروبەری کەنداوە کە لە هاوپەیمانیی ئاویی پێشنیارکراوی ئامریکادا، بۆ پاراستنی گەرووی هورمز بەشداریی کردووە، لە حاڵێکدا وڵاتی عێراق لەو هاوپەیمانییەشدا بەشدار نەبوو.




باسنيوز
Top