ژمارەیەک میلیشیا لە حەشدی شەعبی جیادەبنەوە و بەرەیەکی سەر بە ئێران دروست دەکەن
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، چەند میلیشیایەک بە پەیکەربەندیی نوێی حەشدی شەعبی رازی نین و نایانەوێ بە تەواوی بکەونە ژێر رکێفی ئایەتوڵلا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و حکوومەتی وڵاتە.
رۆژی یەکشەممە 21-9-2019، عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ بڕیاری لەبارەی حەشدی شەعبی و رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی حەشدی شەعبی، دا، کە بریتین لە:
- رەزامەندیدان لەسەر رێکخستنەوە و پەیکەربەندیی نوێی ئەو میلیشیایانە.
- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو ناونیشان و پۆستانەی پێچەوانەی رێکخستنی نوێی حەشدی شەعبین.
- دانی دەسەڵات بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرەکانی میلیشیاکەی بە وەکالەت بە رەزامەندیی سەرۆک وەزیران.
ئەمڕۆ شەممە 28-9-2019، میدیا عێراقییەکان بڵایان کردووەتەوە، کە ژمارەیەک سەرکردەی چەند میلیشیایەکی حەشدی شەعبی خەریکی کۆبوونەوەی نهێنین بۆ دروستکردنی ئەنجومەنی هەماهەنگیی لەنێوان خۆیان.
ئەو میدیایانە ناوی سەرکردەکانیان ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛
- ئەبو مەهدی موهەندیس
- قەیس خەزعەلی
- ئەکرەم کەعبی
- ئەبو ئالاء ئەلوەلائی
- ئەبو ئەکرەم ئەلماجیدی
- عەلی ئەلیاسری
ئەو سەرکردە و میلیشیایانە لەژێر ناوی ”بەرگریی ئیسلامی“ ئەنجومەنێک دروست دەکەن و فەرمان و رێنماییەکان راستەوخۆ لە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن.
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی) جیابوونەوەی ژمارەیەک میلیشیای لە حەشدی شەعبی بۆ ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی جەدید) پشتڕاست کردووەتەوە و ناوی میلیشیاکانیشی ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛
- حزبوڵڵای عێراق
- کەتیبەکانی سەیدی شوهەدا
- کەتیبەکانی ئیمام عەلی
- عەسایب ئەهلی حەق
- بزووتنەوەی نوجەبا
- سەرایا خوڕاسانی
- بزووتنەوەی ئیبدال
- کەتیبەکانی جوندی ئیمام
- ئەو میلیشیا عێراقییانەی لە سووریا پاڵپشتیی رژێمی ئەو وڵاتە دەکەن
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيووز