پزیشکانی بەغدا لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی خۆپیشاندان دەکەن

پزیشکانی بەغدا لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی خۆپیشاندان دەکەن
پزیشکانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەیان، خۆپیشاندان دەکەن.

خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-9-2019 بە بەشداریی سەدان پزیشکی بەغدا، لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوە چوو.

پزیشکانی بەغدا داوا دەکەن یاسایەک بۆ پاراستنیان لە دژی هەڕەشەی گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکان دابڕێژرێت، مووچە و دەرماڵەکانیان زیاد بکرێ و کاتی دەوامیشیان دیاری بکرێ.

بەشێکی دیکەی داواکانی پزیشکانی بەغدا تایبەتە بە مافی نەخۆش و داوایان لە حکوومەتی عێراق کردووە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە تایبەت دەرمانی نەخۆشیی شێرپەنجە، دابین بکرێ.

ئەو خۆپیشاندانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە تێیدا دەردەکەوێ، گرووپ و میلیشیا دەستڕۆیشتووەکان کەلوپەلی نەخۆشخانەی ئیمام عەلیی بەغدایان دزیوە.

پێشتریش بەهۆی رێگریی گرووپە سیاسیی و میلیشیا چەکدارییەکان و دەستوەردانەکانیان لە کاروباری وەزارەتی تەندروستی، رۆژی 15-9-2019 عەلا عەلوان، وەزیری تەندروستیی عێراق دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند.












باسنيوز
Top