عەبدولمەهدی بە سەردانێکی فەرمی، بەرەو شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەڕێ کەوت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەغدای پایتەختی وڵاتەکەی بەجێ هێشت و رووی لە وڵاتێکی عەرەبیی کەنداو کرد.
نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2019، عەبدولمەهدی بە سەردانێکی فەرمی، بەرەو شانشینی عەرەبستانی سعودیە بەڕێ کەوت.
سەردانی عادل عەبدولمەهدی بۆ سعودیە دوای رۆژێک لە گەڕانەوەیەتی لە کۆماری میللی چین، کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، لەو وڵاتە بوو.
سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 24-9-2019، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەکەی، لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، لە چینەوە گەیشتنەوە عێراق.
رۆژی پێنجشەممە 19-9-2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، گەیشتە چین.
شاندەکە سێ بەرپرسی کورد لە حکوومەتی عێراق و سێ پارێزگاری هەرێمی کوردستانیش لەخۆ گرتبوو، کە بریتی بوون لە؛
- فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق
- بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردەنەوەی عێراق
- ئەحمەد بەرواری، باڵیۆزی عێراق لە چین
- فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر
- هەوڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
- فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک
باسنيوز