هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەداتە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هۆشداریی دەداتە گرووپ و میلیشیا عێراقییەکان.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکرێتە هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی ئەمریکی لە عێراق، ئەوا هاوپەیمانییەکە مافی وەڵامدانەوە بەکار دەهێنێت.
لە بەیاننامەکەا ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە هاوەنبارانکردنەکەدا، هیچ زیانێک بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەکەوتووە، بەڵام ”ئێمە ئەو هێرشە بە جددی وەردەگرین و هیچ نەرمییەک لەوبارەوە نانوێنین“.
درەنگانی شەوی دووشەممە 23-9-2019، دوو گوللە هاوەن لە نزیک باڵیۆخانەی ئەمریکا لەناو ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنە خوارەوە و دواتر دەنگی تەقینەوە لە ناوچەکە بیسترا.
ئەگەرچی هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە، بەڵام میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوام باس لە دژایەتی و بە ئامانجگرتنی ئەمریکییەکان دەکەنەوە.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.
چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز