رۆژنامەیەکی عەرەبی: عێراق توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نامێنێت
رۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی لە راپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە، کە حکوومەتی عێراق توانای پێدانی مووچەی کارمەندانی نامێنێت، چونکە بڕی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی بەردەوام زیاد دەکات.
رۆژنامەی ئەلیکتڕۆنیی (ئەلعەرەب) راپۆرتێکی لەبارەی بارودۆخی ژیانی گەلی عێراق و دزیی و تاڵانیی حزب و بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە، بڵاو کردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حکوومەتی عێراقی ژمارەی راستەقینەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئاشکرا ناکات، کە بە گوتەی ئەحمەد جبوری، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان تەنیا قەرزی دەرەکیی عێراق دەگاتە 125 ملیار دۆلار.
مونقیز داغر، پسپۆڕی بواری ئاماری عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئەو بڕە پارانەی لە 2003ـەوە لە لایەن حکوومەتەکانی عێراقەوە بە هەدەر دراون، دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار (هەزار ملیار دۆلار)، لە کاتێکدا هیچ پرۆژەیەکی گەورەی ئەنجام نەداوە.
لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی کراوە، کە رایگەیاندووە، عێراق لە بودجەی گشتیی وڵات بۆ ساڵی 2019، بڕی 15 ملیار دۆلاری بۆ دانەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تەرخان کردووە، بەڵام روون نییە ئەو بڕە قەرزەی داوەتەوە یان پارەکە بەملاو بەولادا خەرج کراوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بە لێدوانی پەرلەمانتارانی عێراق کردووە، کە باسیان لەوە کردووە، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو دەگاتە 120 ملیار دۆلار و بە رێژەی %50ش کورد دەهێنێ و دواجار حکوومەتی ئەو وڵاتە ناتوانێ مووچەی فەرمانبەر و کارمەندانی بدات.
لەبارەی هۆکاری دیارنەمانی پارەی عێراق، رۆژنامەی ئەلعەرەب لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دزیی حزبەکان کردووە، ”حزبە عێراقییەکان لێژنەی داراییان پێک هێناوە، کە ئەرکی ئەو لێژنەیە کۆکردنەوەی پارەیە لەو پرۆژانەی دەوڵەت رایاندەگەیەنێت“.
هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پەرلەمانتارانی حزبە عێراقییەکان گوشار دەخەنە سەر فەرمانگەکانی حکوومەت بۆ ئەوەی تەندەر و گرێبەستەکان بدەنە کۆمپانیاکانی حزبەکانی ئەوان.
باسنیوز