حکومەتی عێراق پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک دەکات
جەمال جەلال، شۆفێری تەکسی دەڵێت: "ئێمە فۆڕممان کەرکووکە و دەبێ لێرە دەنگ بدەین و پێشتریش لێرە دەنگمان داوە، بەڵام بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە خەڵکێکی زۆر بێبەشدەبن".
بەپێی یاسای پەسەندکراوی پەرلەمانی عێراق کە ناسنامەی باری کەسێتی و فۆڕمی خۆراک کەرکووک بێت نزیکەی 50 هەزار کورد بێبەشدەکرێن لەدەنگدانی پارێزگاکە.
بۆ پێداچوونەوە بەتۆماری دەنگدەرانی کەرکووک لێژنەیەک لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهێندرا، نوێنەرانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانی و پلان دانان و تەندروستی ئەندامێتی لێژنەکە دەکەن. بەپێی بڕیارەکە دەبێت لەماوەی 60 رۆژ کارەکانیان کۆتایی بێت.
کورد دژی ئەو پڕۆسەیەیە، پێکهێنانی لێژنەکەش بەبێ هیچ بەشدارییەکی کورد دەرئەنجامی کارەکانی هەرچی بێت رەتدەکرێتەوە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "ئەو لیژنەیە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە هیچ کوردێکی تێدانییە، پێویست بوو نوێنەری کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تێدابێت، بۆئەوەی بێلایەنانە بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە کاری خۆیان بکەن، مەرج نییە ئەو لیژنەیە کارەکانیان بەئاسانی جێبەجێبکرێت، چونکە تۆماری دەنگدەران مەسەلەیەکی پڕ لەکێشەیە".
تورکمان پێداگری لەپێداچوونەوە بەتۆماری دەنگدەران دەکەن، بەڵام ئەوانیش تێبینیان لەسەر لیژنەکە هەیە کە تەنیا لەنەتەوەی عەرەبن.
نەجات حسێن، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: "تاوەکو هەڵبژاردن بکرێت دەمانەوێ ناڕەزایی نەبێت دژی ئەو وردبینییە، ئەوە چارەسەرەکەی چییە؟ ئەوەیە کە لە هەردوو نەتەوەی کورد و تورکمانیش یان پەرلەمانتار یان لەئەنجوومەن هەبن، یان رێکارێک دابنێن تا ئەم دوو نەتەوەیە تێیدابن و دڵنیابن و هەڵبژاردن بکرێ، بۆیە بەم شێوەیە ئەنجامەکانی هەرچی بن ئەم دوو نەتەوەیە ناڕازی دەبن".
لە هەڵبژاردنی داهاتووی کەرکووک زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان هەیە
لە 67%ی دەنگدەران بەشداریان لەپڕۆسەی بایۆمەتری کردووە.