سەرۆکایەتی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا

سەرۆکایەتی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا
دوای زیاتر لە ساڵێک، ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا و سەرۆکایەتی لیژنەکە هەڵبژێردران.

بە گوتەی هەندرێن لەزگین، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامی دەنگدانەکە بەم شێوەیە بوو:

سابت عەباسی (پەرلەمانتاری سوننەکانی سەر بە محەممەد حەلبووسی) بە 13 دەنگ بەسەرۆکی لیژنە هەڵبژێردرا.

خالید جەشعەمی لە رەوتی حیکمە بە 14 دەنگ و عەبدولئەمیر مەیاحی لە رێکخراوی بەدر بە 15 دەنگ بە بڕیاردەری لیژنەی دەستپاکی هەڵبژێردران.

لیژنەی دەستپاکی لە 23 ئەندام پێکهاتووە، دوو نوێنەری کوردی تێیدایە کە بریتین لە هەندرێن لەزگین لە پارتی دیموکراتی کوردستان و جەمال شوکر لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام کورد هیچ پۆستێکی لە سەرۆکایەتی لیژنەکە بەرنەوکەوتووە.

هەندرێن لەزگین راشیگەیاند "بەپێی رێککەوتن کورد هیچ پۆستێکی لە سەرۆکایەتی ئەو لیژنەیە بۆ دیارینەکراوە بۆیە ئێمە خۆمان بەربژێر نەکردووە".

لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی لیژنەکەوە، هەندرێن لەزگین ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی دەستپاکی لیژنەیەکی گرنگە، بەڵام بەهۆکاری سیاسی تاوەکو ئەمڕۆ سەرۆکایەتی لیژنەکە هەڵنەبژێردرابوو و لەلایەن بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دەکرا.
Top