هاووڵاتییانی عێراق پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی میسر دەکەن

هاووڵاتییانی عێراق پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی میسر دەکەن
هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی میسر دژی سەرۆکی وڵاتەکەیان، دەکەن.

هەزاران هاووڵاتیی عێراق بە بەکارهێنانی هاشتاگەکانی #ميدان_التحرير و #السيسي حبيب الصهاينة، پشتگیریی داوای خۆپیشاندەرانی میسر بە دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر دەکەن.

ئەو عێراقییانە وێڕای ستایشی خۆپیشاندەرە میسرییەکان، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە مادام گەلی میسر توانی حوسنی موبارەکی دیکتاتۆری یەکەمی خۆی لەسەر کورسی لا بدات، دەشتوانێ عەبدولفەتاح سیسی لا بدات.

ماوەی هەفتەیەکە شەوانە هاووڵاتییانی میسر خۆپیشاندان دژی عەبدولفەتاح سیسی دەکەن و داوای لێ دەکەن واز لە سەرۆکایەتیی میسر بهێنێت.

عەبدولفەتاح سیسی، کە بە کودەتا هاتووەتە سەر دەسەڵات، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک ببوو، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.

جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، وەک تیرۆریست ناساند و دواتریش ئەو رەوتە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسنێندرا.











باسنيوز
Top