پەرلەمانی عێراق هەوڵی گەڕانەوەی شكۆ بۆ پاسپۆرتی عێراقی دەدات

پەرلەمانی عێراق هەوڵی گەڕانەوەی شكۆ بۆ پاسپۆرتی عێراقی دەدات
پاسپۆرتی ئەفغانستان تاکە پاسپۆرتە لە خراپیدا لەدوای پاسپۆرتی عێراقەوەیە، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، لە هەوڵی گەڕانەوەی شكۆدان بۆ پاسپۆرتی وڵاتەکە.

شێركۆ میروەیس، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: لە هەوڵی ئەوەدان ژمارەی ئەو وڵاتانە زیادبكەن كە خەڵكی عێراق دەتوانن بێ‌ وەرگرتنی ڤیزە سەردانیان بكەن کە ئێستا نزیكەی 40 وڵاتن.

بەگوتەی شێرکۆ میروەیس، زۆربەی ئەو وڵاتانە بۆ خەڵكی عێراق زۆر گرنگ نین لەبەرئەوە سەردانیان ناكەن، بۆیە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوە لە هەوڵی زیادكردنی ژمارەی ئەو وڵاتانەدان.

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو بۆ مانگی 10ـی ئەمساڵ هەوڵی ئەوە دەدەن بۆ هەر دوو وڵاتی رووسیا ‌و ئۆكرانیا بۆ پاسپۆرتی دیپلۆماسی ‌و خزمەت بەبێ‌ وەرگرتنی ڤیزا گەشت بكرێت ‌و دواتر بۆ پاسپۆرتی ئاسایش ئەو هەوڵە دەدەن.

لەبارەی خراپیی ناوبانگی پاسپۆرتی عێراقی و کارپێکردنی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە بەرنامەماندایە شكۆ بۆ پاسپۆرتی عێراقی بگەڕێنینەوە، چونكە بەپێی ریزبەندییەك لە خراپی پاسپۆرتدا تەنها ئەفغانستان لەدوای عێراقەوەیە".
Top