سەقامگیریی عێراق لەمەترسیدایە

سەقامگیریی عێراق لەمەترسیدایە
لەکاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادکردوون، ئەو وڵاتانەی حکومەت و هێزە سەرەکییەکانیان لە ئێرانەوە نزیکن کەوتوونەتە بارودۆخێکی سەختەوە.

هێزەکانی نزیک لە ئێران لە وڵاتانی عێراق، لوبنان و سووریا سزای ئابوورییان بەسەردا دەسەپێندرێت و پێگە و بارەگاکانیان دەکرێنە ئامانج.

ئەو بارودۆخەی حکومەتی عێراقی تێدایە خراپە، عێراق لە باشوورەوە لەگەڵ سعودیە و لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێران هاوسنوورە و هەزاران سەربازی ئەمریکی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدایە، هێزە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران بوونەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا.

لەگەڵ زیادبوونی گووشارەکاندا، جیاوازییەکانیش لەنێوان لایەنەکانی نزیک لە ئێران زیاددەبن و مەترسی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و دەستپێکردنەوەی ئەو تووندوتیژییە هەیە کە ماوەی چەند ساڵێک بوو یەخەی عێراقی گرتبوو.

راندا سلیم، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، "ئەو ئاستەنگە هەرێمایەتییانەی رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە ئەرکی عادل عەبدولمەهدی بۆئەوەی هێزە چەکدارەکان بخاتەژێر دەسەڵاتییەوە سەختتر دەکات".

سەرەکیترین هۆکاری قوڵبوونەوەی جیاوازی نێوان لایەنە شیعەکان بۆردوومانکردنی کۆگاکانی چەک و بارەگاکانی هەندێکیانە. لە تەمموزی رابردوەوە بەلانیکەمەوە نۆ جار هێرشکراوەتە سەر پێگە و کۆگاکانی چەکی حەشد. بەرپرسانی حەشد پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئیسرائیل دەکەن و رەخنەش لە ئەمریکا دەگرن، کە وڵاتەکەی دووەمیان زیاتر لە 5 هەزار سەربازی لە عێراقدا هەیە.

هێرشەکان بوونەتە هۆکاری ئەوەی داواکردن لە لایەن گرووپە دژە ئەمریکیەکانەوە بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر بن. ئەبو عەلا وەلی، سکرتێری گشتیی کەتائیبی سەیید شوهەدا کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییدا رایگەیاند، "ئەمریکییەکان لێرە بارمتەن، ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، ئەوان دەبنە بارمتەی هێزە بەرگریکارەکان".

ئەم گوتانە شەرمەزارییەکی زۆریان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا عەبدولمەهدی نەیتوانیووە هاوپەیمانیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بەهاوسەنگی رابگرێت. قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان رۆژئاوا و ئێرانیش وایکردووە، ئەو مامەڵەیەی حکومەتی عێراق دەیکات چیدیکە پشتگیری لێنەکرێت.

هێرشەکەی شەممەی رابردووی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە ئاماژەیەکی خراپن. لەکاتێکدا حووسییەکان رایانگەیاندووە، ئەوان ئەنجامدەری هێرشەکەن، بەرپرسانی سعودیە و ئەمریکا دەڵێن هێرشەکە لە باکوورەوە ئەنجامدراوە و روونە کە عێراق و ئێرانن دەکەونە باکووری سعودیە، نەوەک یەمەن.

زوو حکومەتی عێراق رەتیکردەوە هێرشەکە لە خاکی وڵاتەکەیەوە ئەنجامدرابێت و دواتریش مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەڵێ لە عێراقەوە هێرشەکە ئەنجام نەدراوە.

بەڵام ئەوەی روویدا ئاماژە بە کۆنتڕۆڵێکی سنوورداری حکومەت بەسەر هێزەکانی حەشد دەکات و ئەو پرسیارەش لەگەڵ خۆی دەهێنێت کە ئەگەر ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران، ئەو گرووپانە چی دەکەن؟ تەنیا چەند رۆژێک پێش ئێستاش قاسم سولێمانی، بەرپرسی فەیلەقی قودسی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارە شیعەکانی عێراق و بەرپرسانی حەشدی شەعبی کۆبووەوە و دەکرێت باسی سیناریۆکانیان کردبێت.

لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەشدا، دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" لە شەقامەکانی بەغدا زیاتر دەبیندرێن.
Top