سەربازگەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە لەنێو عێراق بۆردومان کرا

سەربازگەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە لەنێو عێراق بۆردومان کرا
سەربازگەیەکی دیکەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە نێو عێراق لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردومان کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ژمارەیەک میدیای عێراقی بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی ٩ی ٢٠١٩، سەربازگەی (المرصنات) کە بە دووریی ٧٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای ئەنبار هەڵکەوتووە، لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆردومان کراوە.

لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکە هێشتا هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بۆ میدیاکانی عێراق بۆردومانکردنی سەربازگەی (المرصنات)ی لە نزیک شارۆچکەی رەتەبە لە پارێزگای ئەنبار دووپات کردووەتەوە.

لەمبارەیەوە قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژئاوای ئەنبار بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی راگەیاندووە، بۆردومانەکە زۆر بەهێز بووە و باڵاخانەکانی هەژاندووە، بەڵام “هێشتا نازانین هێرشەکە لەنێوخۆی عێراقەوە ئەنجام دراوە یان لەدەرەوە”.

بە گوتەی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی، ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە، بە سەربازگەیەکی سەرەکیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دادەنرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازگە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج، دواتر سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی بۆردومانەکە تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەمریکا رەتی کردەوە و ئیسرائیلیش بە فەرمی هیچی لەبارەوە ڕانەگەیاندووە.













باسنيوز
Top