سەدر لە سەرکردەیەکی عێراقییەوە روو لە بەرەی ئێران دەکات؟
د.مە‌حموود عوسمان : ئێران ویستوویەتی ئەو وێنەیە پیشانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بدات، کە موقتەدا سەدر لە هەر ئەگەرێکدا لەگەڵ ئەواندایە
لە رۆژی عاشوورادا، لەکۆتایی هەفتەی رابردوو، میدیاكانی ئێران چه‌ند وێنه‌یه‌كی موقتەدا سەدر، رابه‌ری ره‌وتی سه‌دریان له‌پاڵ هەر یەک لە عه‌لی خامێنەیی، رابه‌ری باڵای شۆڕی ئیسلامیی ئێران و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو کردەوە، هەینیی رابردووش، واشنتۆن لە زاری مارشاڵ بیڵینگڵسیا، یاریدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بۆ كاروباری نەهێشتنی تیرۆر، هەڕەشەی ئەوەی لە هێزە عێراقییەكان کرد، کە هەر لایەنێك مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران‌دا بكات، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە سزا دەدرێ، ئەگەر گەورەترین هێزی پەرلەمانیش بێت.
پێشتر موقتەدا سەدر، جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی شیعە، وەکوو ناسیۆنالیستێکی عێراقی وێنای خۆی دەکرد، کە بە هیچ شێوەیەک لە هەژموونی ئێران‌دا نییە، بە سەردانی بۆ سعوودیەش وا لێکدەدرایەوە، زیاتر لە هەژموونی ئەمەریکا و کەنداوەوە نزیک بێت.
لەبەر ئەوە، ده‌ركه‌وتنی له‌ناكاوی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له‌نێوان خامنه‌یی و سوله‌یمانیدا، له‌ناو شەقامی عێراقییه‌كاندا مشتومڕی زۆری ناوه‌ته‌وه، چونكه پێشتر سەدر نەک هەر خۆی نەدەخستە بەرەی ئێرانییەکانەوە، بەڵکوو به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی له ده‌ستوه‌ردانه‌كانی تارانیش ده‌گرت لە عێراق و بە توندی بە رووی میلیشیا چه‌كداره‌كانی نزیک لەو وڵاتەش دەوەستایەوە.
هەر بۆیەش ئێستا دەرکەوتنەکەی، راوبۆچوونی جیاوازی لێکەوتووەتەوە، لەناو رەوتەکەیدا پاساوی ئەوەی بۆ دەهێننەوە، کە سه‌در له‌و شوێنه‌دا وه‌كوو رێبه‌رێکی عێراقی ده‌ركه‌وتووه، كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق ده‌پارێزێت، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه وای لێکدەدەنەوە، سه‌دریش وه‌كوو سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی شیعه، چووەتە پاڵ هه‌ژموونی ئێرانەوە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق بەو هۆیەوە زیاتر لایەنگریی ئێران بکات لە دژی ئەمەریکا و ئەوەش لەکۆتاییەکەیدا بە زیانی عێراق بشکێتەوە، کە ئێستا حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕەی ئەمەریکا و ئێران بەردەوام هۆشداریی لە هەڵگیرساندنی دەدات.
لەمبارەیەوە، مە‌حموود عوسمان، سیاسە‌تمە‌دار و پە‌رلە‌مانتاری پێشووی عیراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئێران مەبەستێکی لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە هەبووە، گوتی: “بەو پێیەی سەدر رابەری رەوتی سەدر و سەرۆکی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراق (سائیروون)ە، ئێران ویستوویەتی ئەو وێنەیە پیشانی ئەمەریکا و سعوودیە و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا بدات، کە لە هەر ئەگەرێکدا ئەوا موقتەدا سەدر لەگەڵ ئەواندایە”.
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد روونیشی کردەوە کە، پێشتر سەدر خۆی وەکوو سەرکردەیەکی ناسیۆنالیستی عێراقی دەرخستووە و وێنای خۆی دوور لە هەژموونی ئێران پیشان داوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئێران ئەو وێنەیەی بڵاو کردەوەتەوە، کە بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بڵێت (سەدریش لەبەرەی ئێراندایە)، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو راستییە دەربکەوێت کە چووەتە پاڵ هەژموونی ئێرانەوە، ئەوا جووڵەکانی داهاتووی ئەو راستییە دەردەخەن.