سەرکردەیەکی سەدر: حکومەت پێویستی بە 172 ساڵە بۆ لەسێدارەدانی داعشەکان

سەرکردەیەکی سەدر: حکومەت پێویستی بە 172 ساڵە بۆ لەسێدارەدانی داعشەکان
سەرکردەیەکی رەوتی سەدر لە عێراق رایدەگەیێنێت، ئەگەر بێت و بەمشێوەیە پرۆسەی لەسێدارەدانی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش بەڕێوەبچێت، حکومەتی عێراق پێویستی بە 172 ساڵە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی تەواوی ئەندامەکانی ئەو رێکخراوە کە سزاکەیان بۆ دەرچووە.

حاکم زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرکردەیە لە رەوتی سەدر، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "تێکڕای ژمارەی بەندکراوەکان بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، تەنها لە بەندینخانەی ناسرییە گەیشتوونەتە 10 هەزار و 973 بەندکراو، کە شەش هەزار و 373 بەندکراویان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 176 بیانییان لەنێودایە".

بە گوتەی حاکم زاملی "ئەو سزادراوانەی لە ساڵی 2018 لەسێدارەدران تەنها 37 سزادراوبوون و لە ساڵی 2019ـش تاوەکو ئێستا هیچ سزایەکی لەسێدارەدان جێبەجێنەکراوە".

زاملی روونیکردەوە "ئەگەر بە سادەیی هەژماری بکەین دەبینین سزادراوەکان بە لەسێدارەدان کە ژمارەیان شەش هەزار و 373 سزادراوە، ساڵانە بەم رێژەیە لەسێدارەبدرێن کە جێبەجێدەکرێ، ئەوا پێویستمان بە 172 ساڵە بۆئەوەی سزای لەسێدارەدانی داعشە تیرۆریستەکان جێبەجێبکەین، لەکاتێکدا ئەوان هۆکاری شەهیدبوون و بریندارکردنی هەزاران کەسن، لەگەڵ ئەو خاپوورکردنەی کە عێراق دووچاری بووەوە و بە ملیۆنەها بێوەژن و بێباوانی لێکەوتەوە".

لەبارەی تێچووی هێشتنەوەی ئەو بەندکراوانە لە زیندان، زاملی دەڵێت "ئەو پارەیەی رۆژانە بۆ خواردن و دەرمانی ئەو سزادراوانە خەرجدەکرێت نزیکەی 100 هەزار دۆلارە، واتە: مانگانە 3 ملیۆن دۆلار و ساڵانە 36 ملیۆن دۆلار".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت "ئەگەر سزاکانی لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێن، ئیتر بۆچی دادگا هەیە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان خۆیان ماندوودەکەن؟"
Top