سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: گوێ بە حکوومەت نادەین و شەڕ دژی ئەمریکا دەکەین

سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: گوێ بە حکوومەت نادەین و شەڕ دژی ئەمریکا دەکەین
سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، کە ئەوان گوێ بە حکوومەتی عێراق نادەن و شەڕ لە دژی ئەمریکا دەکەن.

کەریم علێوی، پەرلەمانتار و سەرکردە لە میلیشیای بەدر (گەورەترین میلیشیای حەشدی شەعبی) بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ”خەڵکی عێراق“ پەیوەندیی باوەڕ و عەقیدەیی لەگەڵ ئێران هەیە.

کەریم علێوی هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر شەڕی ئێران - ئەمریکا هەڵبگیرسێ، ئەوان وەک حەشدی شەعبی چاوەڕێی رەزامەندیدان یان نەدانی حکوومەتی عێراق ناکەن و دەچنە پاڵ بەرەی ئێران.

ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕەکە، حەشدی شەعبی هەموو هێز و بارەگا دیپلۆماتییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکاتە ئامانج.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.











باسنيوز
Top