عەبدولمەهدی رەزامەندیی لەسەر پەیکەربەندیی نوێی حەشدی شەعبی دەدات

 عەبدولمەهدی رەزامەندیی لەسەر پەیکەربەندیی نوێی حەشدی شەعبی دەدات


سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێک لەبارەی رێکخستنەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەدات.

بەپێی نووسراوێک، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 21-9-2019 لە میدیا عێراقییەکان بڵاو بووەتەوە، عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ بڕیاری لەبارەی حەشدی شەعبی و رێکخستنەوەی، داوە.

بڕیارەکانی عادل عەبدولمەهدی:

- رەزامەندیدان لەسەر رێکخستنەوە و پەیکەربەندیی نوێی ئەو میلیشیایانە.

- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو ناونیشان و پۆستانەی پێچەوانەی رێکخستنی نوێی حەشدی شەعبین.

- دانی دەسەڵات بە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرەکانی میلیشیاکەی بە وەکالەت بە رەزامەندیی سەرۆک وەزیران.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.








باسنیوز
Top