عەبدولمەهدی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو چین بەڕێ کەوت
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو کۆماری چینی میللی، بەڕێ کەوت.
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی عادل عەبدولمەدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 18-9-2019، عەبدولمەهدی عێراقی بەجێ هێشت.
عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی چین، سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ژماریەک گرێبەست و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی، دەکات.
لەو سەردانەیدا، 31 بەرپرس یاوەریی عادل عەبدولمەهدی دەکەن، کە ژمارەیەک بەرپرسی کوردیش لەناو شاندەکە دان.
ناوی ئەو وەزیر و بەرپرسە کوردانەی یاوەریی عادل عەبدولمەهدی دەکەن:
- فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق
- بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردەنەوەی عێراق
- ئەحمەد بەرواری، باڵیۆزی عێراق لە چین
- فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر
- هەوڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
- فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک
پێشتر فارس عیسا، نواینەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راگەیاندبوو، کە سێ پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان دەکەن.
باسنيوز