دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بودجه‌ی عێراق ده‌كات

دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بودجه‌ی عێراق ده‌كات
له‌ ئه‌گه‌ری دابه‌زینی نرخی نه‌وت، مه‌ترسی له‌سه‌ر كورتهێنانی بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق درووست ده‌بێت و پێشبینی ده‌كرێت به‌و هۆیه‌وه‌ عێراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی ببێته‌وه‌. ئه‌ندامێكی لێژنەی نەوت و وزه‌ لە پەرلەمانی عێراق و بڕیاردەری لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ عێراق بیر له‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی دیكه‌ بكاته‌وه‌.

له‌مباره‌شه‌وه‌ عه‌لی عه‌بودی، ئه‌ندامی لێژنەی نەوت و وزه‌ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویسته‌ حكوومەتی عێراق بیر لە سەرچاوەی داھاتی دیكە بكاتەوە، له‌وانه‌ش گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا پشت به‌ داهاتی نه‌وت نه‌به‌ستێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسایی بوودجه‌ی ساڵی ئاینده‌، شاره‌زایان پێشبینی ده‌كه‌ن، دابەزینی نرخی نەوت لە عێراق ھەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، لە بەرامبەردا سەركۆ ئازاد بڕیاردەری لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: كاتی ئه‌وه‌یه‌ پشت به‌ سامانە سرووشتییه‌كان و بەرھەمە كشتووكاڵییەكانی دیكە ببەسترێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق بە رێژەی 90% پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت، ئەمە لە كاتێكدایە، رێكخراوی ئۆپێك داوای لە حكوومەتی عێراق كردووه‌، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت كەم بكاتەوە، كە ئێستا رۆژانە نزیكەی ملیۆنێك و 800 ھەزار بەرمیل بەرھەم ده‌هێنێت.
Top