سنووری نێوان عێراق و سووریا بۆردومان کرایەوە
جارێکی دیکە سنووری نێوان عێراق و سووریا لە پارێزگای ئەنبار، بۆردومان کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-9-2019، رۆژنامەی (هارێتز)ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، کە ناوچەی ئەلبوکەمال لە دیوی سووریا لەسەر سنووری عێراق، بۆردومان کراوەتەوە.
هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، بەهۆی بۆردومانەکەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئەلبوکەمال بیستراوە.
تا ئێستا لایەنی هێرشبەر و ئەو شوێنانەی تەقینەوەکانیان تێدا رووداوە، دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە بارەگاکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان لەو ناوچەیە کردبێتە ئامانج.
هەفتەی رابردوو ئیسرائیل ژمارەیەک بنکە و بارەگای حەشدی شەعبی لە ئەلبوکەمال بۆردومان کرد.
لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیووز