عەبدولمەهدی دووری نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان نزیکدەکاتەوە
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانیش ئەوە بەھەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ ھەماھەنگی بەھێزو پڕکردنەوەی بۆشای نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ھاوکات ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشیش بۆ کۆتایی ھێنان بە جموجۆڵەکانی داعش.
عەمید یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دەڵێت "فەرمانە دیوانییەکە روون و ئاشکرایە بەپێکھێنانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لەو چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان ھێزی پێشمەرگەشی تێدایە، ئەمە زۆر گرنگە، ئەمڕۆ ھەماھەنگی باڵا لەنێوان سەرجەم یەکەکانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ و ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ھەبێت، نابێت قوربانییەکانی برایانمان، پاڵەوانانی پێشمەرگە لە بیربکرێن، بەتایبەتی لەکاتی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ کە رۆڵێکی سەرەکیان ھەبوو".
بەپێی فەرمانەکە وەزارەتی پێشمەرگە ھەماھەنگی راستەوخۆ و بەردەوامی دەبێت لەگەڵ یانزە وەزارەت و دەزگاو فەرماندەیی ئەمنی و دەستەی حەشدی، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، بەپێی بڕیارەکە بۆ لەمەودوا لە ناوچە جێناکۆکەکانیش لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش ئامادەییان دەبێت لەڕووی ھەواڵگری و سەربازییەوە.
بەشێکی زۆری جموجووڵەکانی داعش لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق درکی بەوە کردوە ئەگەر پێش لە شانە نوستووەکانی داعش نەگیرێت، مەترسی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروستدەکەنەوە. بۆیە بڕیاری کاری ھاوبەشیان لەگەڵ پێشمەرگە داوە، بەڵام ھێشتا لەسەر ئەو خاڵانە رێکنەکەوتوون کە لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن تیمەکانیان دیاریکراوە و پێوستی بە دانانی ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگەو ھێزە عێراقییەکانە.