هێزە عێراقییەکان پێنجەم ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش ئەنجام دەدەن

 هێزە عێراقییەکان پێنجەم ئۆپەراسیۆن لە دژی داعش ئەنجام دەدەن


هێزە عێراقییەکان پێنجەم ئۆپەراسیۆن لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دەدەن.

فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16-9-2019، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی (نەسر 5)، کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کوشتن و دەستگیرکردنی چەکدارانی داعشە لە ناوچەکانی باشووری رێگای نێودەوڵەتی لەنێوان کەربەلا و نەجەف تا دەگاتە سەر سنووری نێوان عێراق و سعودیە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ئەنجام دەدرێ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبیش بەشداریی تێدا دەکەن.

هەرچەندە حکوومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2017 کۆتاییهاتنی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند، بەڵام چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوام لەپارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و بەغدا کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.





باسنیوز
Top