حکوومەتی عێراق لەبارەی هێرشکردنە سەر سعودیە بەیاننامەیەک دەردەکات
لە بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 15-9-2019 دەری کردووە، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران رەتی کردووەتەوە لەسەر خاکی عێراق هێرش کرابێتە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی.
نووسینگەکە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لێژنەکەیان لە لایەنە عێراقییەکان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە، چونکە ”حکوومەتی عیراق بە توندی لە دژی هەر کەس و لایەنێک دەوەستێتەوە، کە دەستوور پێشێل بکات و هێرشبکاتە سەر برایان و دراوسێکان“.
ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە هات، کە سیاسەتمەدار و بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، حەشدی شەعبی لە عێراقەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 14-9-2019، ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو دامەزراوەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە شارۆچکەی بەقیق لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کردە ئامانج.
بەهۆێ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە، دوو تەقینەوە لەو دوو کارگەیە روویان دا و ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە.
باسنيوز