وەزیری تەندرووستی و ژینگەی عێراق دەستی لەکار کێشایەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ٩ی ٢٠١٩، عەلائەدین عەلوان، وەزیری تەندرووستی و ژینگەی عێراق لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نامەی دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەش بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.
عەلوان لە نامەکەیدا سوپاسی عادل عەبدولمەهدی کردووە، کە پشتیوانی کردووە تاوەکوو لە بواری تەندرووستی و ژینگەدا هەوڵی خۆیان بدەن.
هاوکات سوپاسی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتییەکانی عێراقی کردووە لە بەرامبەر هاریکاریکردنیان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی.
وەزیری تەندرووستیی عێراق ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ڕووبەڕووی فشاری سیاسی بووەتەوە و بەو هۆیەوە زیان بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتەکەی گەیشتووە.
هەروەها رای گەیاندووە: “لە ڕێگەی ئامرازەکانی گەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی فراوانی ناوزڕاندن و سووکایەتی بوومەتەوە”.
باسنیوز