پەرلەمانی عێراق پێنج پرۆژە تاوتوێدەکات و لیژنەیەک پێکدەهێنێت

پەرلەمانی عێراق پێنج پرۆژە تاوتوێدەکات و لیژنەیەک پێکدەهێنێت
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پێنج پرۆژەیاسای تاوتوێکرد و بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی پرسی ئاوارەکان و بێسەروشوێنبووەکان پێکبهێنێت و داوا لە حکومەت دەکات قوربانیانی رووداوەکەی عاشوورا لە کەربەلا قەرەبوو بکاتەوە.

شیروان میرزا قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "پەرلەمانی عێراق جگەلە لەو پێنج پرۆژە یاسایەی تاوتوێیکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسایەکی دیکە کرد، کە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەیدا بوون و بڕیاریدا دووشەممەی داهاتووش جارێکی دیکە کۆببێتەوە".

ئەو پرۆژەیاسایانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا هاتبوون بریتی بوون لە: پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای چاندنی پارچەکانی جەستەی مرۆڤ و رێگرتن لە بازرگانیکردن پێیانەوە، پرۆژەیاسای پەسندکردنی پرۆتۆکۆڵی ساڵی 2014 کە تەواوکەری رێککەوتنی کاری بەزۆرە، پرۆژەیاسای بەشداریی عێراق لە رێککەوتنی پاراستنی دایکایەتی، پرۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی وەرنەگرتنی باج لە هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سربیا و پرۆژە یاسای بەشداریی عێراق لە رێککەوتنی یونیسکۆ تایبەت بە پاراستنی کلتووری رۆشنبیریی ژێرئاوکەوتوو.

هەر لە کارنامەکەدا خویندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە کرا.

هاوکات ئەحمە حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "پەرلەمان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا تایبەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکان لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون".

ئەحمە حاجی رەشید گوتی: پەرلەمان داوای لە حکومەتی عێراقیش کرد قوربانیانی رووداوەکەی عاشوورا قەرەبوو بکاتەوە.

سێشەممەی رابردوو کە هاوکات بوو لەگەڵ مەراسیمی عاشوورا لای باوەڕدارانی شیعە بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن کوڕی عەلی، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە کەربەلا پاڵپەستۆ درووستبوو و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 30 کەس و برینداربوونی نزیکەی 100 کەسی دیکە.
Top