حەشدی شەعبی سوورە لەسەر دامەزراندنی هێزی ئاسمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە میدیاكانی عێراق بەڵگەنامەیەكی نووسراوی میلیشیاكانی حەشدیان بڵاوكردەوە، كە ئیمزای ئەمڕۆ ١٢.٠٩.٢٠١٩ی لەسەرە و دووپات لە دامەزراندنی سەڵاح مەهدی حەنتوش بە فەرماندەی هێزە ئاسمانیەكانی حەشد كراوەتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی دەستەی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە كە عادل عەبدولمەهدی پێشتر بڕیاری راگرتنی فەرمانەكانی ئەبو مەهدی دابوو، بەڵام ئەم پێشهاتە بە مانای حیساب نەكردن بۆ بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دێت و بەم هۆیەوە چاوەڕوان دەكرێ عادل عەبدولمەهدی ڕووبەڕووی هەڵوێستی قورس ببێتەوە.
جێی باسە رۆژی ٥.٠٩.٢٠١٩ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نووسراوێکیان بە ئیمزای جەمال جەعفەر جێگری سەرۆکی دەستەی ئەو میلیشیایانە دەرکردبوو، تێیدا بڕیار لەسەر دروستکردنی هێزی ئاسمانیی حەشدی شەعبی درابوو، ئاماژە بەوەش كرابوو کە سەڵاح مەهدی حەنتوش وەک بەڕێوەبەری ئەو هێزە بە وەکالەت دەستبەکار دەبێت، بەڵام هەر زوو عادل عەبدومەهدی سەرۆك وەزیران بڕیارەكەی هەڵوەشاندبووەوە.