لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لە دژی محەمەد حەلبوسی بەرز كرایەوە
شروق عەبایچی پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند سكاڵای یاسایی لە دژی حەلبوسی تۆمار كردووە و تانەشی لە هەموو دانیشتنەكانی خولی نوێی پەرلەمان و بڕیارەكانی ئەم خولەی پەرلەمان داوە.
عەبایچی بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە سكاڵای لەسەر حەلبوسی بەرز كردووەتەوە بە هۆی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە، كە لە خولی نوێدا پەخشی راستەوخۆی دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەك خستووە، بەمەش دەستووری هەمیشەیی عێراقی پێشێل كردووە.
پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراقی ئاماژەی بەوەش داوە كە لە دەستووری عێراقدا، لە مادەی ٤٩، دووپات كراوەتەوە كە دەبێ كاركردنی پەرلەمان لەژێر چاودێری هاووڵاتیانی عێراقدا بێت، هەروەها دادگای فیدراڵییش بڕیاری داوە ئەو دانیشتنانەی پەرلەمان كە بە ئاشكرا ئەنجام نادرێن، دانیشتنی نادەستووریین، تەنها ئەگەر بە دەنگدانی پەرلەمان و بە هۆی پێویستیەكەوە بێت".