ته‌رمی قوربانییه‌كی رووداوی كه‌شتییه‌كه‌ی مووسڵ دوای 6 مانگ ده‌دۆزرێته‌وه‌

ته‌رمی قوربانییه‌كی رووداوی كه‌شتییه‌كه‌ی مووسڵ دوای 6 مانگ ده‌دۆزرێته‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌رمی كه‌سێكیان له‌ ئاوی رووباری دیجله‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، پێده‌چێت هی یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی رووداوی كه‌شتییه‌كه‌ی مووسڵ بێت، كه‌ له‌ مانگی مارسی ئه‌مساڵ ژێرئاو كه‌وت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ ناوی نه‌كراوه‌ به‌ سوومه‌رییه‌ نیوزی رایگه‌یاندووه‌، "تیمێكی مه‌له‌وانان توانییان ته‌رمی گه‌نجێك له‌ ژێر پردی چواره‌می شاری مووسڵ بدۆزنه‌وه‌".

گوتیشی: زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌و ته‌رمه‌ هی یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی رووداوی كه‌شتییه‌ نقوومبووه‌كه‌ی شاری مووسڵ بێت.

له‌ 21ی مارس یه‌كه‌م رۆژی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ كه‌شتییه‌كی گه‌شتیاری له‌ دوورگه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌ناو رووباری دیجله‌ له‌ شاری مووسڵ ژێرئاو كه‌وت و نزیكه‌ی 130 كه‌س له‌ ئاودا خنكان.

دواتریش لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ رووداوه‌كه‌ به‌هۆی زۆری ژماره‌ی گه‌شتیارانی سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌ بووه‌، چونكه‌ وه‌ك راگه‌یه‌ندرا، كه‌شتییه‌كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی ته‌نیا 50 سه‌رنشینی هه‌بووه‌، له‌كاتێكدا زیاتر له‌ 200 كه‌س له‌و كه‌شتییه‌ باركرابوون.
Top