کۆگایەکی دیکەی حەشدی شەعبی تەقییەوە

 کۆگایەکی دیکەی حەشدی شەعبی تەقییەوە


کۆگایەکی دیکەی میلیشیای حەشدی عەشائیری (چەکدارانی عەشیرەتە سوننییەکان لەناو حەشدی شەعبی)، تەقییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 10-9-2019، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی حەشدی عەشائیری لە شارۆچکەی هیت لە پارێزگای ئەنبار تەقیوەتەوە.

سەرچاوە لۆکاڵییەکان باس لەوە دەکەن، کە کۆگاکە بەهۆی شۆتی کارەباوە تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە.

بەهۆی تەقینەوەکەوە، ژمارەیەک گوللە هاوەن لە سنووری گوندەکانی شارۆچکەی هیت کەوتوونەتە خوارەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.








باسنيوز
Top