ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە سەر سنووری عێراق بۆردومان کران

 ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە سەر سنووری عێراق بۆردومان کران


ژمارەیەک بارەگای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق- سووریا، بۆردومان کران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ژمارەیەک بنکەی میلیشیاکانی بزووتنەوەی ئیبدال، حەیدەریون و حزبوڵڵای عێراقی لە ناوچەی ئەلبوکەمال لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا، بۆردومان کراون.

ئەو بارەگایانەی حەشدی شەعبی بە رەزامەندیی رژێمی سووریا لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە خاکی سووریا، بە سەرپەرشتیی سوپای پاسدارانی ئێران کرابوونەوە.

بۆردومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی تەقینەوە لەو بارگایانەی حەشدی شەعبی.

لە ناوەڕاستی مانگی 8ـی 2019، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاوازەکانی عێراق کراونە ئامانج و ئیسرائیلیش ناڕاستەوخۆ دانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان، ناوە.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، زیاتر لە 60 میلیشیا تائیفی لەژێر ناوی حەشدی شەعبی و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دروست کران.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.




باسنیوز
Top